پوختە

کتێبی مێژووی بزر و نەگێڕدراوی کورد [سۆران حەمەڕەش] مێژووی بزر و دزراوی کوردمان بۆ دەگێڕێتەوە. لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا زانیم کوردستان مەڵبەندی شۆڕشە گەورەکەیە کە مرۆڤی لە قۆناخی ڕاوچییەتییەوە گواستەوە بۆ کشت و کاڵی. بۆم ئاشکراتر بوو کوردستان ئەو شوێنەیە کە چیرۆکەکەی نووح و سەرهەڵدانی زمانەکان تێیدا ڕوویداوە. هێشتا پاش ١٢٠٠٠ هەزار ساڵ مەکۆی عێرفان و مەعنەویەتە. ئەم کتێبە دەلاقەیێک دەکاتەوە تاکوو بە خۆتا بچیتەوە و پرسیار لە خۆت بکەیتەوە ئەمن چەندی لە میژووی کورد و کوردستان دەزانم و چەندی بە ناوی منەوە هەیە و چەندی داگیرکەر لێمی دزیوە؟

کوردستان مەڵبەندی شارستانییەت

پاش خوێندنەەی ئەم کتێبە تێگەیشتنێکی ئاشکراتر لە مێژووی پڕ بایەخ و پڕ لە شانازی نەتەوەکەم دەسکەوت. لێنا کە هەمیشە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبوومە کە کورد چی کردووە؟ بۆ کورد کەسێکی وەک ئەنشتاینی نییە؟ یان کورد بۆ مرۆڤایەتی چی کردووە؟ وەڵامێکی پڕ و سەرچاوەدارم نەبوو کەچی دوای خوێندنەوەی ئەم پەڕتووکە نەک زانیم کورد داهێنەرانی کشت و کاڵ بووگن و هەروەها داهێنەری سیستمی نووسینیش بووگن زانیشم کورد چەندە کەسایەتی بەناوبانگی هەیە. لە ساڵانی ناوەندی خوێندنگە پێیان دەگوتین داهێنانی نووسین کاری سۆمەرییەکان بوو بەڵام لێیان دەشاردینەوە کە سۆمەرییەکان، کوردەکانی دانیشتووی خوارووی پێدەشتەکانی کوردستان بووگن. باس لە شۆڕشی کشت و کاڵ دەکرا مامۆستای جوگرافی پێی نەدەگوتین کەوانەی بەپیت لە ناو دڵی کوردستان دایە و کورد شۆڕشی کشت و کاڵی دەست پێکردگە و دانە و خەلە و خەرمانی کەوی کردووە. ئەلجەزەری باوکی میکانیک کە داوینچی لە کارەکانی ئەو ئیلهامی وەرگرتووە کوردێکی باکووری کوردستانم بووگە بەڵام ئەم بلیمەتە قەت لە قوتابخانە بۆ ئێمە باس نەکراوە. ئەوان باسی سینا و ئەبووڕێحانیان بۆ کردووین و گوتوویانا ئەمانە فارس بووگن و مرۆڤ قەرزداری ئەمانەن. داگیرکەر فەیلسووفەکانی سوورەبەرد و شارەزووری کوردستانی پێ نەناساندووین. ئاساییە داگیرکەر هەموو شتێکت دەدزێت تەنانەت مێژووت. بۆیە ئەو پرسیارانەیان لەلا دروست دەکردن تاکوو خۆمان بەم کەم بزانین!

کوردستان ئاخێزگەی «ئەفسانە سەرەتاییەکان»

لە کاتی خوێندنەوەی ئەم کتێبە هۆیێک بوو بۆ وەبیرهێنانەوەی “ئەساتیرول ئەووەلین” کە سرنجی ڕاکێشامەوە. ئەم دەستەواژە قورئانییە کە بە تانە و تەشەر لە پێغەمبەران دەدرا کە گوایە ئەو داستان و بەسەرهاتانەی بۆ پشتوانەی پەیامەکانتان دەیگێڕنەوە تاکوو بیسەلمێنن ڕاسپاردەن تەنیا ئەفسانەی مرۆڤە سەرەتاییەکانن و دوورن لە ڕاستی. واتا ئەو بەسەرهات و چیرۆکانەی کە کوردە سۆمرییەکان تۆماریان کردووە (وەکوو چیرۆکی گێلگەماش، دروست بوونی زمانەکان) تاکوو هەزاران ساڵ دوای خۆیان دەماودەم ناو کۆمەڵگا و نەتەوەکانی تردا گێڕدراونەتەوە و ئاگایان لەو ڕووداوانە بووگە کە هەزاران ساڵ پێش خۆیان ڕووی داوە بەڵام چونکە مێژوو و شوێنەکەی بۆ ئەوان نادیار و کەڤنارا بووگە بە ئەفسانەی سەرەتایی لە قەڵەم دراوە و وەکوو توانجێک لەبەرامبەر پێغەمبەران بەکاریان بردووە. بەلامەوە جێی خۆشحاڵییە هەزار ساڵ پاش دوایین پێغەمبەر میێژووزانێکی کورد بە پیری ئەم ئایەتەوە ڕۆیشتووە کە خودا دەفەرمێت: «ئاخۆ ئەوان بە زەمیندا نەگەڕاون، تا بزانن چارەنووسی پێشینەکانی ئەوانە چتۆ بووە؟» (غافیر ٢١) تاکوو گەرد و غوباری مێژووی نەتەوەیێک بسڕێتەوە و بە دیاری کردنی شوێن و کات بۆ ئەفسانەکان تەپ و تۆزی لێنیشتوویان بڕەوێنێتەوە و بیانکاتەوە بە مێژوو. خوێندنەوەی مێژوو و لێکۆڵینەوەی بەسەرهاتی مرۆڤە دێرینەکان و ورد بوونەوە لە ژیانی کەڤنارای مرۆڤایەتی کارێکی خودا پەسەندانەیە. ئەم گەشت و گەڕانە بە نێو فەرهەنگ و ژیانی مرۆڤەکانی هەرەپێشوو کاتێک لە کوردستانمدا بێت تام و چێژ و خۆناسینێکی ئێجگارم پێ دەبەخشێت.

کوردستان لانکەی دین و عێرفان

ڕستەیێکم لە ویل دۆرانت نووسەری مێژووی شارستانییەت لەبیرە کە دەبێژێت: مرۆڤ بەرلەوەی ماڵی هەبێت پەرستگەی هەبووە. کۆنترین پەرستگەیێک کە دۆزرابێتەوە لە باکووری کوردستاندایە لە گردی مرازان کە مێژوویێکی دوازدە هەزار ساڵەی هەیە. ئەو شوێنەوارە ئەم ڕاستییەمان پێ دەسەلمێنێت کە کوردستان هەر لە هەزاران ساڵ بەر لە ئێستاوە شوێنی عێرفان و مەعنەوییەت بووگە. لە گردی مرازانەوە تا خانەقاکانی هەورامان.

دەرەنجام

ئەم هەموو شوێنە مێژوویی و پیرۆزەی کوردستان وەکوو چیای گووتی جێی گیرسانەوە کەشتییەکەی حەزرەتی نووح، سێ گۆشەی شارستانییەتی مرۆڤایەتی، شوێنی سەرهەڵدانی زمانەکان، ناوچەی شۆڕشی کشت و کاڵ، گردی مرازان، شوێنی تێهەڵچوونی دارا و ئەسکەندەر، نێئاندرتاڵەکانی شانەدەر و شوێنی زایینی خۆر (زاگرۆس) و … یەک ئاهـ و هەناسەی سەرد وەبەر دێنێت کە ئەم مێژووە پڕ شکۆیە لە لایەن داگیرکەرانی هزر و خاکی کوردستانەوە دزراوە. بۆیە ئەوە «مێژووی بزر و نەگێڕدراوی کورد» نییە بەڵکوو «مێژووی بزر و دزراوی کوردە»! کە دەبێت بگێڕدرێتەوە باوەشی کورد و کودستان! ئەگەر میژووی خۆمان نەزانین و خۆمان نەیگێڕینەوە داگیرکەر وات لێدەکات مێژووی پڕ شکۆی خۆت بکەیتە ناوی ئەوەوە!