زانستی دراوە لە خزمەتی مێژووی ئەدەبی کوردیدا
پوختە
لەم وتارەدا بە کەڵک وەرگرتن لە زانستی دراوە (Data Science) لەسەر دراوەی (Data) ١٣٦ لێکۆڵەر، مێژوونووس، شاعیر، وەرگێڕ و چیرۆکنووس کە لێرە هەموویان بە نووسەر ناو دەبەین شیکاری ئەنجام دراوە تاکوو بتوانین بە پشت بەستن بە زانستی دراوە و وێنا کردنی (Visualization) دراوە مێژووی کوردیی نووسین بە تێڕوانینێکی تازەوە دیوی تاکوو ئێستا نادیاری بخەینە بەرچاو. ژیانی نووسەرانی کورد لە سەدەی ١٦ زایینییەوە تاکوو سەدەی ٢٠ی زایینی تاوتوێ کراوە. لەم توێژینەوەدا دراوەی نووسەرێک لە دەڤەری ورمێ و رۆژاڤای کوردستاندا بەدی نەکرا!
پێشەکی
ڕەنگە بە ناوبانگترین کتێب کە لەسەر نووسەرانی کورد نووسرابێت مێژووی ئەدەبیی کوردیی عەلائەددین سەجاددی بێت کە باسی شاعیر و ئەدیبانی پێش خۆی و هاوچەرخی خۆی دەکات. لەم ساڵانەی دواییەدا ماڵپەڕی ڤەژینبووک بە تۆمار کردنی دیجیتاڵی بەرهەم و زانیاریگەلی نووسەرانی کورد ئەو دەرفەتەی ڕەخساندووە تاکوو لەسەر بەرهەرم و زانیاریگەلی تری نووسەرانی کورد لێکۆڵینەوە و شیکاری ئەنجام بدرێت.
بەرهەمی شاعیر و نووسەر و چیرۆک نووس و لێكۆڵەری کورد (کە ئێمە لێرە هەموویان بە نووسەر ناو دەبەین) لەگەڵ زانیاریگەلی هەر یەکەیان لە وێبگەی ڤەژینبووکدا کۆکروانەتەوە و لەبەر دەستی خوێنەران دانراون. وێڕای ناوەرۆکی بەرهەمەکانی هەر نووسەر شوێن و ساڵی لە دایک بوون، ساڵێ کۆچی دوایی و شوێنەکەی دانراوە. لەم شیکردنەوەدا پانایی و درێژایی جوگرافیایی لەدایک بوونی هەر نووسەر لە ئینتێرنێت وەرگیراوە و بە زانیاریگەلی تر زێدە کراون. پیاو یان ژن بوونی هەر نووسەر دەستنیشان کراوە. کورد نەبوونی هەر نووسەریش دیاری کراوە. هەروەها ناوچەی (ڕۆژهەڵات، باکوور، باشوور و ڕۆژاڤا) لە دایک بوونی هەر نووسەریش زێدە بووگن بە دانستەگەلی (Feature) هەر نووسەرەوە. بەم نۆ دانستە سەرەتاییەوە بە دووی شیکارییەوە دەبین. نۆ دانستەی سەرەتایی: ناو، شوێنی لە دایک بوون، ساڵی لە دایک بوون، شوێنی کۆچی دوایی، ساڵی کۆچی دوایی، ناوچە، پانایی و درێژایی جوگرافیایی لە دایک بوون، ڕەگەز و کورد بوون.
بەم دانستەگەلەوە ئەم پرسیارانە دێنە ئاراوە، یەکەم کەس لە کام ناوچەی کوردستانەوە دەستی داوەتە کوردی نووسین یان لێکۆلینەوە لەسەر کورد و کوردستان؟ هەر ناوچە چەند نووسەری هەیە و کام شار زۆرترین نووسەری بە خۆیەوە بینیەوە؟ ئاخۆ ژنان دەوریان لە نووسین و وێژەی کوردیدا هەبووە؟ یەکەم جار کە ژنێک دەستی دایە نووسینی کوردی لە چە چاخێکدا بووگە؟ نووسەرانی کورد چەند ساڵ ژیاون و زیاتر لە چە ساڵانێکدا نووسەرمان هەبووە و ماوەی ژیانی نووسەرێک لەگەڵ چ نووسەرانێکی دیکەدا هاوبەش بووگە؟ ئەم پرسیارەنە و پرسیارگەلێک تر بە کەڵک وەردگرتن لە زانستی دراوە و وێناکردنی دراوە وڵام ئەدرێنەوە. زانستی دراوە لە دراوەی کاڵ و بڕی چەندایەتی و چۆنایەتیەوە دەمانگەیێنتە گەلێک چاوڕۆشنی و پێوەندی نێوان ئەم دراوانە کە پێشتر لێڵ و نادیار بوون.
شوێنی لە دایک بوون
لە نێو نووسەراندا ئۆسکارمانی ئاڵمانی هەبوو کە لەبەر کورد نەبوونی وەلا نرا. واتە ژمارەی نووسەرانی تۆمار کراو لە کاتی کۆ کردنەوەی ئەم دراوەگەلەدا ١٣٧ نووسەر بووگن کە پاش وەلانرانی ئۆسکارمانی ئاڵمانی توێژینەوەکە لەسەر ١٣٦ نووسەر ئەنجام دراوە. وێنەی ١ شوێنی لە دایک بوونی ئەم ١٣٦ نووسەرە کوردە لە سەدەی ١٦ زایینییەوە تاکوو سەدەی ٢٠ لەسەر نەخشە پیشان دەدات.
وێنەی ١: شوێنی لە دایکبوونی نووسەرانی کورد
هەروەها کە لەسەر نەخشەکە دیارە و بە پێی دراوەکان لە رۆژاڤای کوردستان بەرهەمی کوردی ئاراستەی کتێبخانەی کوردی نەکراوە. ئەم نەبوونە دوو هۆی دەتوانێ هەبێت. یەک، بەڕێوەبەرانی وێبگەی ڤەژینبووک سەرنجی نووسەرانی ڕۆژاڤایان نەداوە. دوو، بەڕاستی لەوێ هیچ نووسەرێک سەریهەڵنەداوە و لەم سەدەی ڕابوردووەشدا بە هۆی کەش و هەوای سیاسی سووریاوە کورد و زمان و وێژەی کوردی لە ژێر مەترسی ژینۆسایدی زمانی و تواندنەوەی فەرهەنگیدا بووگن و توانای پێشکەش کردنی بەرهەمی کوردییان نەبووگە. هەروەها لە وێنەی ژمارە ١دا دیارە نووسەرێک لە دەڤەری ورمێدا نییە. ئەم نەبوونە جێی پرسیار و سەرسوڕمانە! هەمووی ئەو نووسەرانە کەسانێکن کە کۆچی دواییان کردووە. زانیاری هیچ نووسەرێکی زیندوو لە وێبگەی ڤەژینبووکدا بوونی نییە! کاروانی لێکۆڵینەوەی کوردی لە سەدەی ١٦ی زایینییەەوە بە قەڵەمی شەرەف خان بەدلیسی دەستی پێـکردووەو تاکوو ئێستا بەردەوامە. وێنەی ٢ ژمارەی نووسەرانی سەدەی ١٦ تاکوو ٢٠ی زایینی پیشان دەدات. نووسینی کوردی لە سەدەی ١٦ی زایینییەوە بە سێ کەسەوە دەستی پێکردووە. لە سەدەی ١٧دا نووسەران کەم بوونەتەوە بەڵام لە سەدەی ١٨ بەولاوە ژمارەی کوردی نووسان ڕووی لە گەشە کردن ناوە. سەدەی ١٩ لە چاو سەدەی ١٨دا بە ڕادەی ٥٥٥.٥% گەشانەوەی بەخۆیەوە بینیوە. سەدەی بیستەم بە ٦.٧% باشتر لەسەدەی پێش لە خۆی بووگە.
وێنەی ٢: ژمارەی نووسەران لە سەدەی ١٦ەوە تاکوو ٢٠
وێنەی ٣ پشکی نووسەرانی هەر سەدە نیشان دەدات. پتری نووسەرانی کورد بە ٤٦%ەوە لە چاخی ٢٠ی زایینیدا لە دایک بووگن کە نیشان دەدات کوردستان هەم لە باری خوێنەوارییەوە دۆخی باشتر بووگە و هەم لە باری ئاگایی نەتەوایەتی و گرینگیدان بە زمان و ئەدەبی کوردییەوە. هەر چەند لەم سەدەدا کورد و زمانی کوردی کەوتە بەر هێرشی لە ناوچوون لە لایەن دەوڵەتگەلێ کە کورد تێیدا دەژیت. سەدەی ١٩ش بە ٤٣%ەوە شان لە شانی سەدەی بیست دەدات. سەدەی ١٦ بە ٢.٢%ەوە زیاتر لە سەدەی ١٧ بە ١.٥%ەوە نووسەری بە خۆیەوە بینیوە. لە سەدەی ١٨ەوە کوردیی پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە کە تاکوو ئەم سەدەیە ئەم گەشانەوە بەردەوامە.
وێنەی ٣ پشکی نووسەرانی هەر سەدە نیشان دەدات. پتری نووسەرانی کورد بە ٤٦%ەوە لە چاخی ٢٠ی زایینیدا لە دایک بووگن کە نیشان دەدات کوردستان هەم لە باری خوێنەوارییەوە دۆخی باشتر بووگە و هەم لە باری ئاگایی نەتەوایەتی و گرینگیدان بە زمان و ئەدەبی کوردییەوە. هەر چەند لەم سەدەدا کورد و زمانی کوردی کەوتە بەر هێرشی لە ناوچوون لە لایەن دەوڵەتگەلێ کە کورد تێیدا دەژیت. سەدەی ١٩ش بە ٤٣%ەوە شان لە شانی سەدەی بیست دەدا. سەدەی ١٦ بە ٢.٢%ەوە زیاتر لە سەدەی ١٧ بە ١.٥%ەوە نووسەری بە خۆیەوە بینیوە. لە سەدەی ١٨ەوە کوردیی پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە کە تاکوو ئەم سەدەیە ئەم گەشانەوە بەردەوامە.
وێنەی ٣: پشکی نووسەرانی هەر چاخ
ناوچە
بە پێی دراوەکان و وێنەی ٤ لە رۆژاڤای کوردستان بەرهەمی هیچ نووسەرێک تۆمار نەکراوە. هەروا کە پێشتر ئاماژە کرا نەبوونی هیچ نووسەرێک لە ڕۆژاوای کوردستان ئەو گریمانە دێنێتە ئاراوە کە لە لایەن بەڕێوەبەرانی ڤەژینبووکەوە ئاوڕنەدراوەتەوە یان لەڤرا لەم چەند سەدەیە هیچ نووسەرێک هێشتا لە دایک نەبووگە یان گوشاری دەوڵەتی سووریە لەسەر کورد و زمانی کوردی نەیهێشتووە لەم سەردەمەدا نووسەرێک لەوێ بەرهەمی پێشکەش بکات! ئەمما لە ئەو سێ بەشەکەی تری کوردستان، باشوور بە ٥٩.٦%ی نووسەران (٨١ نووسەر) پتر لە بەشەکانی تر دەوری گێڕاوە. پاشان ڕۆژهەڵات بە ٣٣.١%ەوە (٤٥ نووسەر) و باکوور تەنیا بە ٧.٤% نووسەرەوە (١٠ نووسەر) لە دەوڵەمەند کردنی کتێبخانەی کوردی بەشداریان کردووە.
وێنەی ٤: پشکی نووسەرانی پارچەکانی کوردستان
ڕەگەز
پشکی ژنانی قەڵەم بەدەستی کورد لەم پێنج سەدەیە تەنیا ٢.٩% (وێنەی ٥) واتە تەنیا ٤ کەس بووگە. ئەم ڕەوتە لە سەدەی نۆزدەوە بە قەڵەمی مەستوورەی ئەردەڵان لە سنەوە دەستی پێکردووە. سێ کەسەکەی تر جەهانئارا لە پاوە، ئەحلام مەنسوور لە خانەقین و ژیلای حسەینی لە دایکبووی سەقزە. مەودای جوگرافیایی لە دایکبوونی ئەم نووسەرە ژنانە لە سەر نەخشە لە وێنەی ٦دا نیشان دراوە. بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژنانی نووسەر لە چاو بەشەکانی تردا بەرچاوە.
وێنەی ٥: پشکی ژنان لەقوتابخانەی کوردیدا
وێنەی ٦: شوێنی لە دایکبوونی ژنە نووسەرانی کورد
تەمەن
هەر کام لە نووسەرانی کورد چەند ساڵ ژیاون؟ بە تەمەنترین و گەنجترین کەسیان چەند ساڵ ژیاوە؟ زۆربەیان چەند ساڵ ژیاون؟ لە وێنەی ٧دا تەمەنی نووسەران پیشان داروە. تەمەنی کەمتر لە ٣٠ ساڵ تاکوو سەرووی سەد ساڵ. مەلا عەلی تەنیا بە ٢٦ ساڵ تەمەنەوە کەمتر لە نووسەرانی تر ژیاوە و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس بە ١٠٤ ساڵ عومرەوە زیاتر لە هەمووی نووسەرانی کورد ژیاوە. زۆربەیان نێوان ٧٠ تا ٧٥ ساڵ ژیاون و مام ناوەندی تەمەنی نووسەران ٦٦ ساڵ بووگە. دڵدار و عوسمان عوزێری هەر کامیان ٣٠ ساڵ ژیاون و تەنیا کەسێکی تر کە تەمەن ١٠٠ ساڵی دیوە مەلا حوسێن فانی بووگە کە لە ساڵی ١٩٨٣ زایینیدا کۆچی دوایی کردووە.
وێنەی ٧: تەمەنی نووسەران
ژیلا حسەینی لە هەموو ژنانی نووسەر کەمتر ژیاوە و تەنیا بە ٣٣ ساڵ تەمەنەوە لە ژیان ماڵاوایی کردگە. ئەحالام مەنسوور ٦٢ ساڵ ژیانی بردۆتە سەر و لەم ڕووەوە لە هەموو ژنانی نووسەری کورد زیاتر ژیاوە.
شوێنی لە دایک بوون و کۆچی دوایی
زیاترین نووسەر لە کام شاری کوردستاندا لە دایک بووگن و زۆربەی نووسەران لە کیژان شاردا کۆچی دواییان کردووە؟ چەندە لە نووسەران شوێنی لە دایک بوون و کۆچی دواییان جیاواز بووگە و گریمانەی “دەربەدەر”یان کە جێی گلەیی نووسەرانی کورد بووە سەلماندووە؟ بە لێکدانەوە درواوەکان (وێنەی ٨ ) لە شاری سلێمانیدا ٤٠ نووسەر لە دایک بووگە. دوای ئەو شارەکانی مەهاباد و هەڵەبجە بە ٩ و ٨ نووسەر شارگەلێکن کە زۆرترین نووسەر لەوێ چاویان بە دنیا هەڵێناوە. لە وێنەی ژمارە ٨دا تەنیا ناوی ئەو شارانە هاتووە کە زیاتر لە یەک نووسەر تێیدا لە دایک بووگە.
وێنەی ٨: شوێنی لە دایک بوونی نووسەران
لە وێنەی ژمارە ٩دا شوێنی کۆچی دوایی نووسەران پیشان دراوە کە هەمیسان سلێمانی بە ٤٠ نووسەرەوە فرەترین کۆچی دوایی بە خۆیەوە بینیوە. لێرە ناسناوی پایتەختی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری کە بە سلێمانی بەخشراوە بە ڕوونی دەرکەوتووە. خاڵی سەرنج ڕاکێش ئەوەیە ١٤ کەس لە نووسەران لە شارەکانی دەرەوەی کوردستان لە ژیان ماڵاواییان کردووە. لە شارەکانی بەغداد ٥ کەس، ئەستەمۆڵ ٣ کەس و لە هەر کام لە شارەکانی تاران، لەندەن و یەریوانی ئەرمەنستان ٢ کەس کۆچی دواییان کردووە. ئەم وێنەیە تەنیا شارگەلێ نیشان ئەدات کە زیاتر لە یەک کەس تێیدا کۆچی دوایی کردووە. بۆ نموونە شاری کەرەجی ئێران تێیدا نییە کە هەژاری شاعیر و وەڕگێڕ لەوێ لە ژیان ماڵاوایی کردووە.
وێنەی ٩: شوێنی کۆچی دوایی نووسەران
ئێستا دەبێت بزانین چەندە لە نووسەران شوێنی لە دایک بوون و ماڵاوایی لە ژیانیان پێکەوە جیاوازوە؟ وێنەی ژمارەی ١٠ ئەم رێژەیەمان پیشان دەدات کە ٤٣% (٥٩ کەس) لە شوێنک جیا لە شوێنی لە دایک بوونییان کۆچی دواییان کردووە کە ئەمە رێژەیێکی بەرچاوە. بە پێچەوانەوە ٥٦% (٧٧ کەس) لە نووسەران لە هەمان زێدی خۆیان چاویان بە ڕووی دنیادا بەستووە.
وێنەی ١٠: جیاوازی شوێنی لە دایک بوون و کۆچی دوایی نووسەران
هاوبەشی ژیانی نووسەران
بە وێناکردنی ساڵی لە دایکبوون و کۆچی دوایی نووسەران بۆمان دەردەکەوێت ئەم نووسەرانە لە ماوەی ژیانیاندا چەندەی لە تەمەنیان لە یەک کاتدا بووگە. وێنەی ١١ ساڵانی ژیانی چواردە نووسەرە کە لە سەدەی ١٦ەوە تاکوو سەدەی ١٨ لە دایک بووگن پیشان دەدات. سێ نووسەری سەرەتایی لە سەدەی ١٦دا بەشێکی لە ژیانیان لە یەک ماوەدا بووگە. شەرەف خان بەدلیسی لە نیوەی تەمەنیدا بووگە کە مەلای جزیری لە دایک بووگە و لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا بووگە کە فەقێ تەیرانیش لە دایک دەبێت و بەم چەشنە نووسینی کوردی لە باکووری کوردستانەوە دەست پێدەکات.
وێنەی ١١: نووسەرانی سەدەی ١٦ تا ١٨
لە وێنەی ژمارەی ١٢دا، ٥٩ نووسەری سەدەی ١٩ پیشان دراوە. پاش چوار ساڵ لە بە دنیا هاتنی نالی و سالم یەکەمین ژنی مێژوو نووسی دنیا و یەکەمین ژنە نووسەری کورد مەستوورەی ئەردەڵان لە سنە لە دایک دەبێت. بوونی دوو ژن لەم سەدەیەدا دیارە کە بە ڕەنگی سوور نیشان دراوە بەڵام مەستوورە بەرلە بە دنیا هاتنی جەهانئارا خان کۆچی دوایی دەکات. دوایین نووسەری لە دایکبووی ئەم سەدەیە قانعە بەڵام کەمتر لە تۆفیق وەهبی دەژیت کە پێش لە ئەو بە دنیا هاتووە.
وێنەی ١٢: نووسەرانی سەدەی ١٩
سەدەی بیست و ٦٣ نووسەری ئەم سەدەیەی لە وێنەی ١٣دا پیشان دراوە کە ڕەنگی سوور ژنان و ڕنگی کەسک پیاوانن. سەدەی بیست بە لە دایک بوونی مەلا عەبدولکەریم مودەڕیسەوە دەست پێدەکات و چەند ساڵی تر دوای ویسالی و حەقێقی لە باکووری کوردستان جگەر خوێن لە دایک دەبێت کە یەکێک لە گرینگترین شێعرەکانی “کینەم ئەز”، لە ساڵانی دواییدا دەبێتە سروودێکی بەناوبانگ. شامی کرماشانی بەر لە هەژاری موکریانی لە دایک دەبێت و دنیا دەرفەتی ناداتێ تاکوو پێشەکییەکەی هەژار لە سەر چەپکەگوڵ کە بەرهەمی شیعرەکانیەیتی ببینێت و پێش لە چاپدانی کۆچی دوایی دەکات. نزیکەی پاش ٤٠ ساڵ لە کۆچی جەهانئارا خان هەمیسان لە سەدەی ٢٠دا ژنە نووسەری کورد ئەحلام مەنسوور لە خانەقین لە دایک دەبێت. ژیلا حسەینی هەرچەند دێرتر لەو بە دنیا دێت بەڵام زووتر لەویش کۆچی دوایی دەکات
وێنەی ١٣: نووسەرانی سەدەی ٢٠
ئاکامگیری
بە شیکاری دراوەگەلی ١٣٦ نووسەری کورد هەندێک لایەنی نەدیتراو لە ژیانی نووسەران و مێژووی ئەدەبی کوردیی لە سەرەتای دەسپێکیەوە تا ئەوڕۆ هاتە دیتن کە پێشتر بەبێ زانستی دراوە و کامپیوتر ئەم کارە هاسان و ساکار نەبوو. ئەم شیکارییە گرنگی کۆکردنەوەی دراوەمان بۆ دەردەخات کە یەکێک لە سەرەکیترین ئەرکەکانی کۆمەڵگا و ئاکادێمییای کوردییە تاکوو بە لێوردبوونەوە لەم دراوە کاڵ و کرچانە زانیاری ئەوتۆی لێبدۆزینەوە کە ببێتە هۆی ناسینەوەی خۆمان لە ڕوانگەی خۆمانەوە نەک نووسین لە لایەن کەسانی غەیرە کوردەوە. بەم ئامار و وێناکردنانە ئەوەمان بۆ ڕوون بوویەوە کە کاروانی زمانی کوردی هەرچەن دۆخی بۆ گەشەکردن لەبار و گونجاو نەبووگە و لەمپەر و کۆسپی لەبەردەم دانراوە بەڵام سەدە لە پاش سەدە ساڵ بەدوای ساڵ لەباری نووسەر و دەقی کوردییەوە ڕووی لە گەشە و هەڵکشان بووگە.
لەو دەقانەی کە کۆ کراونەتەوە کتێبەکانی کەلامگەلی یارسان و مێژووی ئەدەبی یارسان و نووسەران و ئەدەبیاتی کوردیی خوارین ئاوڕی لێنەدراوەتەوە. ئەم پرسیارەنەش بێ وڵام ماونەتەوە کتێبخانەی کوردی لە چ زاراوەگەلێک پێکهاتووە؟ ئاخۆ هەر نووسەر تەنیا بە یەک زاراوەی کوردی بەرهەمی پێشکەش کردووە؟ نووسەرانی کورد بە زمانێکی دیکە دەقیان بووگە؟ بۆ ئەم پرسیارانە دەبێت ئەم دانستەگەلە بە زانیاریگەلی هەر نووسەرەوە زێدە بکرێت و پاشان بکەوێتە بەر شیکارییەوە. هەروەها بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەکانی داهاتوو سەردەمی ئێستا و نووسەرانی زیندوو لە هەموو ناوچەکانی کوردستان بگرێتە بەر پێویستە تەنتا لەیەک سەرچاوە کەڵک وەرنەگیردرێت و لەو سەرچاوەنەی تر کە بەرهەمی نووسەرانی کوردی تێدا تۆمار دەکرێت وەکوو ویکیپێدیا و کوردپێدیا کەڵک وەربگیردرێت.
سپاسگوزاری
سپاس لە بەڕێزان دوکتۆر بێهرووز چەمەنئارا و دوکتۆر ئاران ئەمینی کە بە پێشنیارەکانیان ڕێگای لێكۆڵینەوکانی داهاتوویان ڕۆشنتر کردەوە.
تەموو
پەرەپێدەران و بەرنامەنووسان دەتوانن دراوە و کۆدی ئەم شیکارییە لەم بەستەرەی خواروە ببینن و دایبگرن. سەرچاوەی کۆد و دراوە
هاوکاتی ژیانی نووسەرانی کورد لە ناوەڕاستی سەدەی ١٦ەوە لەدایک بووگن تاکوو سەدەی ٢٠ی زایینی لە وێنەی خوارەوەدا نیشان دراوە.