سیستمی پێشنیاردەر بۆ تەداروکاتی ئێلێکترۆنیکی دەوڵەت

دام و دەزگا دەوڵەتییەکان کە لە بودجەی گشتی وڵات بۆ دابین کردن و کڕینی پێداویستییەکانی خۆیان کەڵک وەردەگرن دەبێت بۆ دابینکردنی کاڵاکانیان لە دابینکەران پرسیار بکەن تاکوو ئەوانیش نرخ و تێچووی کاڵاکان پێشکەشی دەزگا حوکومی و دەوڵەتییەکان بکەن. بەم پێواژۆی دان و سانە تەداروکات (Procurement) دەبێژن. بۆ ئەوەی سەندن و فرۆشتن بۆ دام و دەزگا دەوڵتییەکان ساناترەوە بێت و دەرفەتی ئەوە هەبێت دابینکەری زۆرتر لە سەرانسەری وڵاتدا بەشداری بکات تەداروکاتی دەوڵەت کراوەتە ئێلێکترۆنیکی (Government eProcurement). بە دیجیتاڵی کردنی تەداروکات ڕوونی زیاتر بە پێواژۆکە دەدات و دەرفەتی ئەوەی ڕەخساندووە تا ژیریی دەستکرد بێتە کایەوە و ڕۆڵی خۆی لەم پێواژۆیەدا بگێڕێت و ئاسان کاری بۆ دەزگا و دابینکەر دروست بکات.

یەکێک لەو شوێنانەی کەوا دەتوانێت یارمەتیدەری دەزگاکان بێت پێشنیاری کڕینی کاڵایە. پێشنیارەکان لەڕێگەی سیستمی پێشنیاردەرەوە بە بەرپرسی تەداروکات پیشان بدرێت. ئەم پێشنیارە ژیرانە دەبێتە هۆی ئەوە بەرپرسی تەداروکات خێراتر دەستی بگات بە کاڵای پێویست و ئیدی نیاز نەبێت بە دووی کاڵایێکدا بگەڕێت. ئەم پێشنیارانە لەسەر دراوەی کڕینی هەموو دامودەزگاکانەوە و بە پێی مۆدێلگەلی ژیریی دەستکرد بەرهەم دێن. سیستمی پێشنیاردەر لە ڕووی مێژووی کڕینەکانی خودی دەزگا و سەندنەکانی دەزگاکانی تر کاڵای پێویستی دەزگا پێشبێنی دەکات.

لە درێژەدا هەنگاو و ئالنگارییانەی ئێمە کە بۆ دروست کردنی سیستمێکی پێشنیاردەری تەداروکاتی دەوڵەت تووشی بووین هاتۆتە باس کردن.

دامودەزگاکان و بەرپرسی تەداروکات (Procurement Officer)

بەرپرسی تەداروکات، بەرپرسی کڕین و دابین کردنی پێداویستییەکانی ڕێکخراوەی لە ئەستۆدایە. پاش تۆمار بوونی هەر دەزگا لە وێبگەی تەداروکاتی دەوڵەتەوە هەر دەزگا دەتوانێت یەک یان چەند کەس بە بەرپرسی تەداروکات دیاری بکات تا لە ڕێگەی ماڵپەڕی تەداروکاتی دەوڵەتەوە کاڵا و پێداویستییەکانی دەزگا تۆمار بکات. هەموو دابینکەران ئەم کاڵا تۆمار کراوانە دەبینن و دەتوانن نرخی خۆیان بۆ فرۆشتنیان بە دەزگاکە پێشنیار بدەن. پاشان لە پێواژۆیێکدا براوەکە بە پێی بڕ و چۆنایەتیەوە دەسنیشان دەکرێت.

ژمارەی دامودەزگاکان و کاڵاکان

لە وێبگەی تەداروکاتی دەوڵەتدا چەندین هەزار دەزگا تۆمار کراوە کە هەرکامیان یەک یان چەندین کەسی بەرپرسی تەداروکاتیان هەیە. بوونی چەند بەرپرسی تەداروکات بە گەورەیی دەزگاکە کەفتگە. ئەمە وا دەکات لە دەزگایێکدا هەر بەرپرسی تەداروکات بە پێی کەرتێک کە تێیدا کار دەکات کاڵای جیاواز بسێنێت. بۆیە ئێمە بۆ ڕاهێنای سیستمی پێشنیاردەرەکەمان لەباتی ئەوە دەزگا لەبەرچاو بگرین بەرپرسی تەداروکاتمان کردگەسە پێوەر.

کاڵاکان لە لایەن تیمێکی شارەزاوە دەستەبەندی و پۆلێن دەکرێن. بەهەر کاڵا کۆدێکی تایبەت دەدرێت کە لە ستانداری UNSPSC پێڕەوی دەکات. کۆدی UNSPSC کۆدێکی هەشت ژمارەییە کەر هەر دوو ژمارەی بە ڕیزەوە کەرت (Segment)، بنەماڵە (Family)، کلاس (Class) و کاڵا (Commodity) نیشان دەدات. کۆی کاڵاگەلی تۆمار کراو زیاتر لە ١٤٠٠٠ کاڵایە کە لە ٣٩ کەرتدا پۆلێن کراون.

ئەگەر کڕینەکان لە خشتەیێک یان ماتریسێکی (Matrix) بەکاربەر-کاڵا نیشان بدەین ماتریسێکی نزیک سەد هەزار خانەییمان دەبێت. لەبەر ئەوەی هەموو دەزگاکان بە یەک ئەندازە کاڵا ناکڕن زۆربەی خانەکانی ماتریسەکە خاڵین و ئێمە ماتریسێکی چۆڵمان دەبێت. بۆ نموونە دەزگایێک کە بەرپرسیارییەتی چەند گوندێکی بەدەستەوەیە لە ماوەیێکی چەند ساڵە کە ناوی تۆمار کردووە تەنیا یەکجار شتی سەندگە. ئەمما دەزگا گەورەکان وەکوو پترۆشیمی ڕۆژانە خوازیاری دەیان کاڵای جیاواز دەبن. دەزگایێکی پێترۆشیمی لە ٣٩ کەرتی کاڵاکاندا لە ٣٧ کەرتدا شتومەکی کڕیوە. مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم ماتریسە چۆڵە لە درێژەدا باس کراوە.

بۆ پێشبێنی پێشنیارەکان ئێمە سێ جۆرە بزوێنەری (Engine) سیستمی پێشنیاردەرمان بەکار هێناوە. ئاماری بە پشت بەستن بە مێژووی کڕینەکان، پشتبەستن بە دانستەی (Feature) کاڵاکان و بەرکارهێنانی ئەلگۆریتمی پاڵاوتنی هاوبەشانە (Corroborative Filtering) کە لە ماتریسی بەکاربەر-کاڵا کەڵک وەردەگرێت.

بزوێنەرەکان

ئاماری

بەکارهێنەر لە ڕابردوودا چی کڕیوە؟ دە دانە لە ئەو کاڵاگەلە کە زیاتر کڕیویە پێشنیاری پێ دەدرێتەوە. ئەو بەرپرسانەی کە کڕینەکانیان لە دە کاڵا کەمتر بووگە کاڵاگەلێ دڵخواز کە لە کۆی وێبگەدا زیاتر کڕدراون پێشنیاریان پێدەدرێت. بۆ ئەو بەکارهێنەرانەی زیاتر لە دە کاڵایان سەندگە بە پێی ئەوەی کڕینەکانیان کەی ئەنجام داوە کردوومانە بە سێ بەشی نێزیک، ڕابردوو و ڕابردووی دوور. بە هەر بەشێکیش بە پێی ئەزموون و هەڵە (Try and Error) کێشمان داوە. کێشی هەر کەرت لە ژمارەی سەندەکان لێکدەدرێت. ڕیزبەندییەکان بەپێی ئەم لێکدانە ئەنجام دەدرێن. کێشی کاڵاگەل کڕدراو لە ماوەی ڕابردوودا زۆرترین کێشی پێ بەخشراوە، بەم گریمانەیەوە کە کاڵاگەلێ وا لەم نێزیکانە کڕدراون بەم زووانە نایێنەوە سەندن و ئەوانەش کە لە ڕابردووی دوور کڕدراون دیارە ئیدی ئەوەندە نیازی دەزگا نییە.

دانستەی کاڵا

بۆ بزوێنەری دووهەمی سیستمی پێشنیاردەر لە کۆدی UNSPSC کە لە خۆیدا زانیاری کاڵاکانی ڕاگرتووە کەڵک وەرگیراوە. لەم بزوێنەرەدا ئەگەر بەرپرسی تەداروکات تەنیا یەک کاڵاشی کڕیبێت بە پێی ئەو کاڵایە کاڵای نوێی پێ پێشنیار دەدات. بۆ پێشبێنی هەر کاڵایێک بە پێی کۆدی UNSPSC و ئەو مانگانەی کە تێیدا کاڵاکە هاتگە کڕین ڤێکتۆرێکمان بۆدروست کردوون. بۆ کاڵاگەلێکیش کە بەرپرسی تەداروکات کڕیویەتی هەمان ڤێکتۆر دروست کراوە. پاشان بە کەڵک وەگرتن لە لێکچوونی کۆسینووسی (Cosine Similarity) کاڵاگەلێ وا زۆترین لێکچوونیان بە کاڵاکانی بەکارهێنەرەوە هەیە وەکوو کاندید هەڵدەبژێردرێن. چونکە دەمانەوێت بۆ هەر بزوێنەر دە کاڵا پێشنیار بدەین ئەگەر بەکارهێنەر تەنیا یەک کاڵای کڕێبێت ١١ کاڵا کە زیاترین لێکچوونی هەیە دەکەینە کاندیدی پێشنیار. خودی کاڵاکە کە پێشتر سەندراوە وەلا دەنێین و ئەو دە کاڵاکەی تر پێشنیار دەدرێت. ئەمما ئەگەر کاربەر زیاتر لە دە کاڵای سەندبێت بۆ هەر کاڵای سەندراو چوار کاندیدای پێشنیاردان هەڵدەبژێرین. لە کۆتاییدا ئەم کاندیداگەلە تێکەڵ دەکەین و کاڵاگەلێ پێشتر سەندراو لە لیستەکە دەسڕینەوە و پاشان بە شێوەی بەختەکی (Random) دە کاڵا بە بەکارهێنەر پێشنیار دەدەین. ئەم بەختەکی هەڵبژاردنە دەبێتە هۆی ئەوە هەرجار بەکارهێنەر پێشنیاری جیاواز ببینێت.

پاڵاوتنی هاوبەشانە

لە بزوێنەری سێهەمدا لە ئەلگۆریتمی Collaborative Filtering کەڵک ورگیراوە. ئەم ئەلگۆریتمە لە ماتریسی بەکاربەر-کاڵا بۆ دۆزینەوەی پێوەندی نێوان بەکاربەر و کاڵا کەڵک وەردەگرێت. بە پێی ئەوەی بەکارهێنەر خۆی و بەکارهێنەری تر چ کاڵاگەلێکی تریان کڕیوە بۆ هەر کاڵایێکی نەکڕدراو لە لایەین بەکاربەرەوە ئیمتیازێک (score) موحاسبە دەکات. کاڵاکان بە پێی ئەو ئیمتیازە ریز دەبن و بزوێنەرەکە دە کاڵا بە زۆرترین ئیمتیازەوە پێشنیار دەدات. لەبەر ئەوەی ماتریسی بەکاربەر-کاڵا زۆر چۆڵ نەبێت بەرکارهێنەرانێک کە کەمتر لە دە کاڵایان کڕیەوە لەم بزوێنەرە وەلا نراون.

هەڵسەنگاندن (Evaluation)

بۆ ئەوە بزانین کە مۆدێل و ئەلگۆریتمەکانمان چۆن کار دەکەن پێویستمان بە پێوەر هەیە. وەکوو هەر گەڵاڵەیێکی (Project) فێربوونی ماشین (Machine Learning)‌ بۆ هەڵسەنگاندنی مۆدێل و ئەلگۆریتمەکان کۆمەڵە دراوەکەمان کرد بە دوو کۆمەڵەی فێربوون ( Train) و ئەزموونەوە (Test). کڕینەکان بە پێی ڕێکەوتی سەندن ڕێکوپێک (Sort) کران و لە ڕێکەوتێکی دیاری کراو بەو لاوە بەشی ئەزموونمان جودا کردەوە. واتا دراوەکان تێکەڵ نەکران و بەشێوەی بەختەکی کۆمەڵە دراوەی فێربوون و ئەزموون جوێ نەکرانەوە.

لە سیستمگەلی پێشنیاردەردا پێوەرەکان جۆراوجۆر بوون بەڵام بۆ کارەکەی ئێمە Precision و Recall بەس بوون. کاتی هەڵسنەگاندن زانیمان کە Precisionی ستاندارد هەستێکی باشمان پێ نادات چونکە ئێمە دەمانویست دە کاڵا پێشنیار بدەین (k=10). بەکاربەر هەبوو کە لە کۆمەڵەی ئەزمووندا کەمتر لە دە کڕینی بوو. هەبوون یەک یان دوو کاڵای لەو ماوەدا کڕیبوو. بۆیە ئەگەر بڕی K هەمیشە ١٠ بوایە هەمیشە دابەش کردنی ژمارەی کاڵاگەلی پێشبێنی کراو کەمتر لە K دەبوو و بڕی Precision هەمیشە کەم بوو. کەسێک دوو کاڵای کڕیبوو کەچی دەمانویست دە کاڵای پێ پێشنیار بدەین و بزانین لەم دەکاڵایە چەند لەو دوو دانەیە لە خۆ دەگرێت. لە حاڵێکدا مەشیای بۆ ئەو کەسە وا ژمارەی سەندنەکانی لە نێو کۆمەڵە دراوەی ئەزمووندا کەمتر لە دە کاڵایە هەر بەو ئەندازە بڕی K دیاری بکرایە. ئێمە بەم گۆڕینەی بڕی Kیە ناومان لێنا Dynamic Precision. بەم گۆڕینە بڕی پێوەرەکە مانای چەند لە سەدی دەستەبەر دەکرد و هەست بەخشتر دەبوو. لە خشەی خوارەوە ئاکامی هەڵسەنگاندنەکان نیشان دراوە.

Dynamic Precision Recall Precision بزوێنەر/پێوەر
17.80% 16.55% 13.85% ئاماری
2.47% 5.97% 4.06% دانستەی کاڵا
25.2% 15.9% 24.4% پاڵافتنی هاوکارانە

شوێن و شێوەی بەکارهێنانی سیستمی پێشنیاردەر

لەو ئالنگارییانەدا کە دەبوا لە بەرچاو بگیرگێت وەلانانی کاڵاگەلی قەدەخە کراو بوو. کاڵایێک کە تا ئەمڕۆ لە وێبگەکەدا کڕینی ئاسایی بوو و پێشتریش لە لایەن دەزگاکانەوە سەندرابوو سبەی بە هەر هۆیێکەوە لە لیستی کاڵاکان وەلادەنرا و ئیتر لەبەردەستدا نەدەما. بەم بۆنەوە نەدەبوو سیستمی پێشنیاردەر ئیتر ئەم کاڵایە پێشنیار بدات. ئەم بەربەستە وای کرد کە ئێمە هەر ڕۆژ مۆدێلەکانمان لەسەرڕاوە فێر بکەین تا نەخوازەڵا کاڵایێک کە ئیدی بوونی نییە پێشنیار بدرێت.

سیستمی پێشنیاردەری ئێمە بە شێوەی دەرهێل (offline) کاردەکات. واتا لە پێشدا بۆ هەر بەکارهێنەر پێشنیارەکان بەرهەم دەهێنرێن و لە بنەکە دراوەیێکدا (database) پاشکەوت دەکرێن. کاتێ بەرپرسی تەداروکات لە وێبگەدا بە هەژماری خۆیەوە چووە ژوورەوە لە لاپەڕەی گەڕانی کاڵادا پێشنیارەکان لە ژێر سێ بزوێنەری جیاوازدا پێی پیشان دەدرێت. ئەگەر بەرپرس پێشتر هیچ کاڵایێکی نەکڕیبێت بێت لە دۆخی دەستپێکی سەرددابێت (Cold Start) دە کاڵایێک کە زیاترین کڕینیان لە لایەن بەرپرسانی تروە بووگە پێشنیاری پێ دەدرێت.

ئەم سیستمی پێشنیاردەرە لە دەسپێکییەوە و لە قۆناخەکانی دراوە کۆکردنەوە، EDA، دروسترکردن و فێرکردن و هەڵسەندگاندنی مۆدێلگەلی جۆراوجۆر و ئامادە کردنی پێواژۆی دەر‌هێنان-گۆڕین-بارکردن (Extract-Transform-Load) فێرکردنەوەی مۆدێلەکان بە دراوەی ڕۆژ و گونجاندی لە پێواژۆی تەداروکاتدا زیاتر لە یەک ساڵی خایاند.

ئاکام

هەبوونی تەداروکاتی ئێلێکترۆنیکی یەکێک لە پێداویستییەکانی وڵاتێک و دەوڵەتێکی پێشکەوتووە کە دەبێتە یارمەتیدەر لە سانا کردنەوەی دابین کردن و پێداویستییەکانی دەوڵەتدا. چاوەدێری بەسەر پێواژۆکەدا ڕوونی زیاتر دەبەخشێت و گەندەڵی کەمتر دەکاتەوە. لەبەر ئەوەی سەندن و فرۆشتنەکانی دەوڵەت دراوەی زۆری لێدەبێتەوە و پێواژۆ کردنی ئەم هەموو دراوە و بە شێوەگەلی ئاسایی پاتەکان (Template) ناخاتە ڕوو بۆیە ژیریی دەستکرد لە بوارگەلی جۆراوجۆردا وەکوو دۆزینەوە گەندەڵی، هەڵسەنگاندنی دابینکەر، گونجاو بوونی تێچوو لەگەڵ چۆنایەتی خزمەت و کاڵادا، سانا کردنەوەی پێواژۆکە و … دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.